وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ڕازیبوونی ژاپۆنی به‌ده‌ستهێنا بۆ خۆشبوون له زۆربه‌ی قه‌رزه‌كانی له‌سه‌ر عێراقه‌كه ده‌گاته چه‌ندان ملیار دۆلار، به‌ڵام هێشتا ژاپۆن بڕیاری له‌سه‌ر ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی هێزه سه‌ربازییه‌كه‌ی له عێراق نه‌داوه.
ڕۆژی هه‌ینی هوشیار زێباری كۆتایی به سهرهدانهكهی هێنا بۆ ژاپۆن، له میانه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌یدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیر، وه‌زیری ده‌ره‌وه و وه‌زیری به‌رگری ژاپۆن كۆبۆوه. ژاپۆن له هه‌شتا له سه‌دای قه‌رزه‌كانی عێراق خۆش‌بوو و ئه‌و قه‌رزانه‌ی كه ماونه‌ته‌وه له ماوه‌ی بیست و سێ ساڵدا ده‌درێته‌وه به ژاپۆن.
به‌رێز زێباری هه‌روه‌ها داوای له ژاپۆن كرد كه ماوه‌ی مانه‌وه‌ی یه‌كه لهشكریهكهی له عیراق درێژ بكاته‌وه، له‌م باره‌یه‌شه‌وه، هاوشانه ژاپۆنیه‌كه‌ی گوتی به‌م زووانه بڕیارێك له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌درێت.
شایانی باسه ماوه‌ی مانه‌وه‌ی شه‌ش سه‌د سه‌ربازی ژاپۆنی، كه كرداری ئاوه‌دانكردنه‌وه له باشووری عیراق ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له مانگی داهاتوو ته‌واو ده‌بێت.

