ده‌سه‌ڵاتداران له توركیا چوار كۆمه‌ڵگایان له باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی توركیا جوداكردۆته‌وه‌ به‌هۆی مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی جۆری كوشنده‌ی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده‌.

كاربه‌ده‌ستان له‌و ناوچانه‌ ده‌‌ڵێن شارۆچكه‌یه‌ك و سێ گوندی بچوكی دیكه‌ له شاری دیاربه‌كر جوداكراونه‌ته‌وه‌ دوا به‌ دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك باڵنده‌ و په‌له‌وه‌ڕی ناوچه‌كه‌ مردار بوونه‌ته‌وه‌.

تاوه‌كو ئێستا هیچ حاڵه‌تێك له‌ نێو مرۆڤه‌كانی ناوچه‌كه‌دا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ كه زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن.  ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێن چه‌ندین مریشك و په‌له‌وه‌ڕی ناوچه‌كه‌یان سه‌ربڕیوه‌.

ئه‌م جیاكردنه‌وه‌یه‌ش له دوای ڕه‌وانه‌كردنی 7 كه‌س له خه‌ڵكی ناوچه‌ی باتمان بۆ نه‌خۆشخانه دێت كه‌ نیشانه‌ی ئه‌نفلوه‌نزایان تیادابووه‌.  به‌ڵام كاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن هه‌ر حه‌وتیان تاقیكردنه‌وه‌یان بۆ كراوه‌ و ئه‌نجامه‌كان نێگه‌تیڤ بوون.

ژماره‌یه‌ك گوندی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ش هێشتا هه‌ر به‌ جوداكراوه‌یی ماونه‌ته‌وه‌.‌ ‌ 

جێی باسه‌ له‌ مانگی یه‌كی ساڵی ڕابردوودا،  جۆری  H5N1 ڤایرۆسی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده‌ له توركیا بڵاوبۆوه‌ و بووه‌ هۆی كوشتنی 4 كه‌س.